1. هۆکاری چیە کە دوای دووگیانی تووشی خەمۆکی دەبیت؟
بوونی منداڵێکی نوێ بۆنەیەکی خۆشە کە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانی دایکیدا دەهێنێتە ئاراوە. ئەو دایکانەی کە نوێن بە دیاریکراوی تووشی گۆڕانکاریی بایەلۆجی، جەستەیی، سۆزداری و کۆمەڵایەتی دەبن. ئەگەر هەیە خەمۆکیی دوای منداڵبوون پەیوەندیی کە کۆمەڵێک گۆڕانکاریەوە هەیە لەسەر ئاستی هۆڕمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجسترۆنی مێینەوە هەیە کە بە شێوەیەکی بەرچاو کاردەکەنە سەر تەندروستیی دەروونی ژنان. سەرڕای ئەو گۆڕانکارییە بایەلۆجیانە، فاکتەری دیکە هەن کە دەبنە هۆی تووشبوون بە خەمۆکیی دوای منداڵبوون، وەک زەحمەتیی لە کاتی دووگیانی یان منداڵبوون، کێشەکانی دایکایەتی و قورسیی پێداویستیەکانی کۆرپەلە.
- من لەسەر شتی ساکار هەڵدەچم و تووڕە دەبم، ئایا ئەمە نیشانەیەکی خەمۆکیی دوای منداڵبوونە؟ چۆن بزانم کە ئەم خەمۆکییەم هەیە؟ دەرکەوتە و نیشانەکانی خەمۆکیی دوای منداڵبوون چین؟
بەڵێ، ئەمە دەرکەوتەیەکی خەمۆکیی دوای منداڵبوونە. لە راستیدا، مەودایەک دەرکەوتە هەن کە لە رووی سەختی و قورسیەوە جیاوازن و نیشانی دەدەن کە دایکەکە تووشی خەمۆکیی دوای منداڵبوون بووە. ئەو دەرکەوتانە ئەمانەن:
- هەستکردن بە خەمۆکی یان هەبوونی کێشەی گۆڕانی دۆخ: زۆربەی کات هەست بە بێئومێدی، دڵتەنگی و بێزاری دەکەیت.
- چێژوەرنەگرتن لە هیچ شتێک: هەست دەکەیت بەو شێوەیە هەست بە خۆشی ناکەیت کە پێشتر هەستت پێ کردوە.
- هەڵەشەیی: بە زووی هەست بە تووڕەیی و هەڵچوون دەکەیت. هەندێک جار بەرامبەر منداڵ یان هاوسەری خۆت هەڵدەچیت.
- دڵەڕاوکێ: رەنگە هەست بکەیت کە دەترسیت بە تەنها لەگەڵ منداڵەکەت بیت. ڕەنگە خەمی ئەوەت بێت منداڵە تازە لەدایکبووەکەت هاوار هاوار بکات، بخنکێت یان بە جۆرێک زیانی بەربکەوێت. لە جیاتی ئەوەی هۆگری منداڵەکەت بیت، هەست بە دابڕان دەکەیت چونکە نازانیت منداڵەکەت چی دەوێت یان هەست بە چی دەکات.
- تەوەزەلی، شەکەتی و بێهێزی: هەموو ئەو دایکانەی تازە منداڵیان بووە هەست بە جۆرێک لە شەکەتی دەکەن، بەڵام بەهۆی خەمۆکیی دوای منداڵبوون، ئەو شەکەتیە و بێهێزیە رەنگە لاوازت بکەن.
- بچربچڕی خەو: رەنگە تووشی چەند کێشەیەک ببیت، ناتوانیت دوای رۆژێکی ماندووکەر بخەویت، یان بەیانیی زوو خەبەرت دەبێتەوە، یان خەوەکەت بچڕبچڕە، یان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ دەخەویت.
- تێکچوونی حەزی خواردن: زۆرجار دایکە خەمکۆکەکان نە کات نە ئارەزووی خواردنیان هەیە بۆ ئەوەی شت بخۆن، ئەمەیش رەنگە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی ماوەیەکی زیاتر هەست بە بێهێزی و دڵەڕاوکێ بکەیت.
- کێشەی تەرکیز یان گەڵاڵەکردنی بڕیار.
- تاوانباری و خۆبەکەم زانین: خەمۆکی کاردەکاتە سەر شێوازی بیرکردنەوەت؛ بەو شێوەیە، رەنگە لە گۆشەنیگایەکی نەرێنیەوە تەماشای شتەکان بکەیت. رەنگە هەست بە تاوانباری بکەیت، تەنانەت لۆمەی خۆت دەکەیت کەبەر نەخۆشیەکانت، یان ئەوەی کە ناتوانیت لەگەڵ خێزانەکەت بخەویت.
- هەستی قورسیی هۆگربوون بە منداڵەکەت.
- خۆبەدوورگرتن لە خێزان و هاوڕێیان.
- بیری زیانگەیاندن بە خۆت یان بەدمامەڵەیی لەگەڵ منداڵ و بیری دووبارەی مەرگ یان خۆکوژی.
3. ئایا دەکرێت ماوەیەکی زۆر دوای منداڵبوون تووشی خەمۆکیی دوای منداڵبوون یان دڵەڕاوکێی ببین؟ چی ئەگەر دەرکەوتەکان شەش یان دە مانگ دوای منداڵبوون دەرکەوتن؟
دەرکەوتەکان بە گشتی لە ماوەی چەند هەفتەیەکی یەکەمی دوای منداڵبوون دەردەکەون، بەڵام رەنگە پێشتر و لە ماوەی دووگیانی دەربکەون، یان دەکرێت ساڵێک دوای منداڵبوون دەربکەون.
4. ئایا خەمۆکیی دوای منداڵبوون خۆی چارەسەر دەبێت؟ چی روودەدات ئەگەر یارمەتیی لە کەسی پسپۆڕ وەرنەگرم؟
زۆربەی ژنان دوای چەندین مانگ، یان زیاتر، خۆیان باشتر دەبن بەبێ وەرگرتنی هیچ چارەسەرێک. بەڵام وەرگرتنی چارەسەر رەنگە ئازارەکانت زۆر بۆ کەم بکاتەوە. خەمۆکیی دوای منداڵبوون رەنگە ئەزموونی نوێی دایکایەتیت تێکبدات و کاریگەری بخاتە سەر پەیوەندیی نێوان خۆت و منداڵەکەت و هاوسەرەکەت. بۆیە تا ماوەی خەمۆکیەکە کورتر بێت باشترە. گرنگە بەزووترین کات یارمەتیی پسپۆڕان وەربگریت بۆ ئەوەی خۆت لە خەمۆکیی دوای منداڵبوون رزگار بکەیت و بتوانیت پەرە بە پەیوەندیەکەت بدەیت لەگەڵ منداڵەکەت. ئەمە بۆ گەشەکردنی منداڵەکەت لە ماوەیەکی درێژدا بەسوودە.
5. چەندی کات دەوێت بۆ ئەوەی لە خەمۆکیی دوای منداڵبوون چاکببیتەوە؟ ئایا ماوەی چاکبوونەوەکە دەگۆڕێت ئەگەر چارەسەر وەربگرم یاخود خۆی چاکببێتەوە؟
خەمۆکیی دوای منداڵبوون بە گشتیی لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی دوای منداڵبوون چارەسەر دەبێت ئەگەر داودەرمانی گونجاوی بۆ بەکاربهێنیت. گرنگە پێش تەواوبوونیان واز لە دەرمانەکان نەهێنیت، چونکە وازهێنان لە دەرمان پێش تەواوبوون رەنگە ببێتە هۆی گەڕانەوەی نەخۆشیەکە.
6.ئایا لە ماوەی دووگیانیدا هیچ شتێکی وەک خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ بوونی هەیە؟ وەک خەمۆکیی دوای منداڵبوون بەڵام لە کاتی دووگیانیدا؟
خەمۆکیی نەخۆشیەکەی باوە کە کاردەکاتە سەر ١ لە ٤ ژن لە تەمەنیاندا. بەپێچەوانەی بیروباوەڕی باو، شتێکی نائاسایی نیە ژنان لە ماوەی دووگیانیدا تووشی خەمۆکی ببن. خەمۆکیی ماوەی دووگیانی بریتییە لە نەهەموارییەکی باو کە بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت ئەگەر پێی بزانرێت. بە داخەوە، زۆرجار دەرکەوتەکانی هەستیان پێناکرێن. چونکە هەندێک کەس ئەم دەرکەوتانە وەک کاردانەوەی ئاسایی بۆ گۆڕانە هۆڕمۆنیەکان دەبینن کە لە ماوەی دووگیانیدا روودەدەن. سەرەڕای ئەوە، ئەگەر هاتوو چارەسەر دوابکەوێت، ئەم جۆرە گومانانە مەترسیدارە بۆ دایک و کۆرپەلەکە.
7. ئایا ئەو خەمۆکیەی لە کاتی دووگیانیدا هەستی پێدەکەم، دوای منداڵبوونیش بەردەوام دەبێت؟
ئەگەر خەمۆکی لە ماوەی دووگیانیدا چارەسەر نەکرێت، رەنگە درێژە بکێشێت بۆ خەمۆکیی دوای منداڵبوون.
- شێوازە بەردەستەکانی چارەسەر بۆ خەمۆکیی لە ماوەی دووگیانیدا چین؟
دوو جۆر چارەسەر بەردەستن:
چارەسەری سروشی و داودەرمان. پزیشکەکان بەپێی بارودۆخی تایبەت باشترین رێگای چارەسەر هەڵدەبژێرن. بۆ هەندێک لە ژنان، تێکەڵەیەک لە هەردوو جۆرەکە رەنگە باشترین چارەسەر بێت.
سەرەڕای ئەوە، پزیشکەکان پێشنیازی رێجیمی تەندروست و وەرگرتنی پشوو و خەوی پێویست دەکەن. تۆ هاندەدرێیت کە راشکاوانە قسە لەگەڵ هاوسەرەکەت، خێزانەکەت و هاوڕێکانت بکەیت دەربارەی ترسەکانت و داوای پاڵپشتیی ئەوان بکەیت کاتێک کە پێویستی کرد.
9. کێ رەنگە تووشی خەمۆکیی دوای منداڵبوون و دڵەڕاوکێی دوای منداڵبوون ببێت و بۆچی؟
هەر تازە دایکێک رەنگە تووشی خەمۆکیی دوای منداڵبوون ببێت. تەنانەت رەنگە دوای دووگیانیەکانی دیکەیش سەرهەڵبدەن، نەک تەنها یەکەم دووگیانی.
هەندێک لەو مەترسیانەی ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکیی دوای منداڵبوون زیاد دەکەن لە خوارەوە باسکراون:
- مێژووی خەمۆکی (بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی حەڵقە و نۆرەکەی پەیوەندیی بە دووگیانیەوە هەبێت یان نا)
- ئاڵۆزیی دووجەمسەری (bipolar disorder)
- خەمۆکیی دوای منداڵبوون لە دووگیانیەکانی پێشوودا
- هەبوونی ئەندامانی خێزان کە تووشی خەمۆکی یان ئاڵۆزیەکانی دیکەی دۆخ دەبن.
- رووداوە فشارهێنەرەکان لە ماوەی ساڵی پێشوو، وەک ئاڵۆزیی لە ماوەی دووگیانی، نەخۆشی، یان لەدەستدانی کار
- ئایا منداڵەکە کێشەی تەندروستیی هەیە یان پێداویستیی تایبەتی هەیە یان نا.
- دووگیان بوون بە دووانە یان سیانە.
- کێشەی زەحمەتی لە پێدانی شیری مەمک.
- هەبوونی کێشەی پەیوەندیی لەگەڵ چواردەورەکەت
- نەبوونی سیستمێکی پاڵپشتیی بەهێز.
- گیرۆدەبوون بە کێشەی دارایی.
- ئەگەر دووگیانیەکە پلان بۆ دانەنراو یان نەخوازراو بێت
10. ئایا دەتوانم لە ماوەی خەمۆکیی دوای منداڵبوون شیر بدەم؟ ئایا پێشنیازی ئەوە کراوە یان دەبێت واز لەوە بهێنم؟ تەنانەت ئەگەر داودەرمانیش بەکاربهێنم؟
پێدانی شیری مەمک لە دروستکردنی پەیوەندیی نێوان دایک و کۆرپەلە کاریگەرە. ئەو داودەرمانانەی دەکرێت لە رێگەی شیرەوە بگوازرێنەوە زۆرجار وەلا دەنرێن. سەرەڕای ئەوە، شیرپێدان لەو کاتەی داودەرمانی دژە خەمۆکی بەکار دەهێنیت رێگە پێدراوە و بە رێژەیەکی کەم لە شیری مەمکدا دەردەکەون.
11. ئایا خەمۆکیی دوای منداڵبوون کاریگەریی دەکاتە سەر منداڵەکانم؟
ئەگەر چارەسەر نەکرێت، خەمۆکی لە کاتی دووگیانی رەنگە زیان بە تەندروستیی کۆرپە بگەیەنێت. رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت دایکەکە گوێ بە تەندروستیی خۆی، رێجیم نادات یان بەپێی پێویست ناخەوێت. هەروەها رەنگە رووبدات ئەگەر دایکە دووگیانەکە نەچێت بۆ دیدارەکانی پزیشک یان راسپاردەکانی پزیشک فەرامۆش بکات. هەروەها، نەبوونی وریایی بە گشتی یان پیشاندانی هەندێک رەوشتی زیان بە خود گەیاندن رەنگە ببێتە هۆی لەدایکبوونی منداڵی ناکام، منداڵی کێش سووک یان منداڵێک کە جووڵەی کەمە.
منداڵانی ئەو دایکانەی خەمۆکیی دوای منداڵبوونیان هەبووە و چارەسەر نەکراون زیاتر دۆخناسکترن و ئاسانتر دەکەونە ژێر کاریگەریی کێشە سۆزداری و رەوشتیەکان، وەک کێشەی خەو و خواردن، گریانی زۆر، درەنگکەوتنی پەرەپێدانی زمان یان ئاڵۆزیی زۆر بزۆکی و سەرنجدان.
12. ئەگەر لە منداڵی یەکەممدا تووشی خەمۆکیی دوای منداڵبوون یان دڵەڕاوکێ یان دەرونشێواوی بووم، دەبێت پێشبینی بکەم دووبارە تووشیان ببم؟
توێژینەوەکان دەریان خستووە ئەو ژنانەی لە رابردوودا تووشی خەمۆکیی دوای منداڵبوون بوون ئەگەری زیاتریان هەیە لە دووگیانیەکانی دواتردا دووبارە تووشی ببنەوە.
بەپێی توێژینەوەکە، ئەگەری خەمۆکیی دوای منداڵبوون لە دووگیانیەکانی دواتردا، لە ٢٧ بۆ ٤٦ ئەوەندە زیاد دەکات لەو ژنانەی لە دووگیانیی یەکەمدا تووشی بوون.
- پزیشکەکە دەرمانی دژە خەمۆکیی بۆ نووسیوم و ئێستا باشترم، دەتوانم لە رێگای بەکارهێنانی بڕێکی کەمتر یان کەمکردنەوەی ژەمەکان وردەوردە واز لە دەرمانەکان بهێنم؟
پزیشکەکان راسپاردەیان وایە کە دەستت کرد بە چارەسەر وازی لێ نەهێنیت. کەواتە گرنگە بە تەواوەتی لە چارەسەر بەردەوام بیت بۆ ئەوەی خۆت بەدوور بگریت لە تووشبوونەوە.
14. جیاوازیی چیە لە نێوان خەمۆکیی دوای منداڵبوون، خەمۆکی و دەرونشێواوی؟
١- خەمۆکیی کاتیی دوای منداڵبوون (Baby Blues):
لە رۆژی سێهەم یان چوارەمی دوای منداڵبوون، نزیکەی ٥٠%ـی دایکان حەزدەکەن بگرین، یان هەست بە لاوازی دەکەن، یان متمانەیان بەخۆیان نیە. بەمە دەوترێت ‘خەمۆکیی کاتیی دوای منداڵبوون. ئەم هەستە راگوزەرانە وردەوردە دوای چەندین رۆژ بەبێ دەستوەردانی پزیشکی نامێنن.
٢- خەمۆکیی دوای منداڵبوون:
رێژەی تووشبوون ٢٥%ـە و لە ماوەی ساڵی یەکەمی دوای منداڵبوون روودەدات، بەتایبەتی لە مانگی یەکەمی دوای منداڵبوون. دەرکەوتەکانی لە مامناوەندەوە تا سەخت لەخۆدەگرن.
٣- دەرونشێواویی دوای منداڵبوون
ئەمە کەیسێکی جدییە و پێویستیی کە چارەسەری دەستبەجێ هەیە. ئەمە سەختترین دۆخی دەروونیە کە رەنگە کاریگەریی لەسەر ماوەی خەمۆکیی دوای منداڵبوون هەبێت لە ژناندا، وە زیانبەخشە بۆ دایک و کۆرپەلەکەیش. جار بە جار، دایکەکە رەنگە هەوڵی خۆکوشتن بدات، ئەمەیش بە گشتی لە ٥%ـی ئەو ژنانەدا روودەدات کە تووشی ئەم ناهەموارییە بوون. ئامارەکان دەریان خستووە ١ لە ٥٠٠ ژن تووشی دەرونشێواویی دوای منداڵبوون بوون. ئەمە بەگشتی لە ماوەی چەند رۆژێک یان چەند هەفتەیەک دوای منداڵبوون روودەدات. لە ماوەی ئەم دۆخە دەروونیەدا، دایکەکە تووشی گۆڕانی سەختی دۆخ دەبێت، بیری نائاسایی یان نامۆی بۆ دێت، دەنگ و رەوشتی بە شێوەیەکی پێشبینینەکراو دەگۆڕدرێن.