ئایا خواردنەوەی شیر دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردانی بەڵغەم؟

بەڵغەم لە سیستەمی هەناسەداندا کۆدەبێتەوە بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک پەتای سەرما یاخود ئەنفلۆنزا. لە کاتێکدا بەڵغەمە لینجەکە بە بەشی پشتەوەی گەروودا دێتە خوارەوە، زۆر کەس هەست بە نائاسوودەیی دەکەن لە کاتی خواردنەوەی شیردا و تێبینی ئەوە دەکەن کە بەڵغەمەکە خەستتر دەبێتەوە. بەڵام ئایا بەڕاستی خواردنەوەی شیر بەرهەمهێنانی بەڵغەم زیاد دەکات؟

بەڵغەم لەڕێگەی تاڵە مووە زۆر وردەکانەوە (کە پێیان دەوترێت “مژۆڵ”) بەرەو بەشی پشتەوەی گەروو دەجووڵێنرێت و لەوێوە قووت دەدرێت. ئەگەر هەندێک کەس شیر یاخود بەرهەمە شیرەمەکنییەکانی دیکە بخۆنەوە، لە بەشی سەرەوەی گەروویان هەست بەوە دەکەن ڕووپۆشی پێوەیە و قوتدانی بەڵغەم سەختتر دەبێت.

تۆژینەوەکان دەریانخستووە کە خواردنی شیر هیچ پەیوەندییەکی بە زیادبوونی دەردراوەکانی لووت، کۆکە، نیشانەکانی لووت یاخود گیرانی لووتەوە نییە. هەندێک پزیشک دەڵێن شیر تفی دەم هەندێک ئەستوورتر دەکات، کە ئەمەش ڕەنگە گەروو دابپۆشێت و هەستی ئەوە دروست بکات کە بەڵغەم زیاتر بووە، بەڵام لە ڕاستیدا بڕی بەڵغەم زیاتر ناکات.

گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم هەستە ڕەنگە لای هەندێک کەس دروست بێت و لای هەندێکی تر دروست نابێت. وەک تێبینییەکی لاوەکی، بەرهەمە بەستووەکانی شیرەمەنی دەتوانن ئازاری گەروو هێور بکەنەوە چونکە پێکهاتەکەیان جیاوازە لە شیر.

لە کاتێکدا ڕەنگە هەست بەوە بکەیت کە خواردنەوەی شیر بەڵغەمەکە ئەستوورتر و بێزارکەرتر دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا شیر نابێتە هۆی ئەوەی لەشت بەڵغەمی زیاتر بەرهەم بهێنێت.