بۆ ژیانێکی تەندروستتر و بەختەوەرتر، جگەرەکەت فڕێ بدە!

مانگی ڕەمەزان نزیکە، بۆچی نەیکەینە دەرفەتێک بۆ تەرککردنی خوویەکی خراپ و پەیڕەوکردنی ژیانێکی تەندروستتر؟

لە ڕەمەزاندا هەموو ڕۆژەکە بەبێ جگەرەکێشان بەسەر دەبەین، واتە نیوەی ڕێگمان بڕیوە بۆ ئەوەی ڕۆژێکی تەواو بەبێ جگەرەکێشان تەواو بکەین. بۆیە هانتان دەدەین لە مانگی ڕەمەزاندا واز لەم خووە زیانبەخشە بهێنن، بەو پێیەی باشترین کاتە بۆ ئەو کارە، چونکە مێشکمان خۆی ڕادێنێت تا کاتی بەربانگ دوور بێت لەو خووە، بۆیە تەنها پێویستمان بەوەیە تا کاتی خەوتن خۆمان بگرین و تەسلیمی ئەو خووە ناتەندروستە نەبین.

جگەرەکێشان تەنها زیان بە تەندروستیت ناگەیەنێت، بەڵکوو فشار و دڵەڕاوکێیش زیاد دەکات، پێچەوانەی ئەوەی زۆر کەس بیری لێدەکەنەوە. جگە لەوەی جگەرەکێشان کاریگەری نەرێنی لەسەر زۆرێک لە بەشەکانی جەستە و ئەرکەکانی دەبێت، بە زیادکردنی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە، جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و هتد. جگە لەوەش جگەرەکێشان کاریگەریی لەسەر سیفەتە جەستەییەکانی کەسی جگەرەکێش دەبێت، بەو پێیەی دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕەنگی پێست و نینۆک و ددانەکان.

زۆر کەس لە تەرککردنی جگەرەکێشان دەترسن بەهۆی نیشانەکانی پەیوەست بە وازهێنان، کە زۆر لە نیشانەکانی کشانەوە دەچن. بەڵام هاوکێشەکە زۆر سادەتر و ئاسانترە لەوەی بیری لێدەکەیتەوە، چەند مانگێک لە خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێز، تەمەنێک تەندروستیی باش و خاوێنبوونەوەی جەستەت بۆ دەگێڕێنێتەوە. ئەم چەند مانگە ساڵانی ژیانمان زیاد دەکات، بەو پێیەی تەمەنی ئەو کەسانەی جگەرە ناکێشن بە گشتی 10 بۆ 15 ساڵ لە تەمەنی جگەرەکێشەکان زیاترە. تا زووتر واز لە جگەرەکێشان بهێنین، زووتر ئەندامەکانمان چاک دەبنەوە و پاکبوونەوەی دەروونی باشتر دەبێت، دڵخۆشتر دەبین. مانگی پیرۆزی ڕەمەزانیش باشترین کاتە بۆ ئەو کارە. ئامادەی بۆ ئەم چالێنجە؟!

ئێستا، چۆن دەست پێ بکەین؟ سەرەتا دەبێت ستراتیژ یان پلانێک دابڕێژین و پەیڕەوی بکەین. بۆ دیاریکردنی ئەو ڕۆژەی واز لە جگەرەکێشان دەهێنین، دەبێت پاکەتی جگەرە لە ماڵ و ئۆتۆمبێل و ئۆفیسەکانمان فڕێ بدەین. نابێت لەبەرچاومان بن تا دوودڵمان نەکەن. هەروەها ئامۆژگاریت دەکەین کە خێزان و هاوڕێ و هاوکارەکانتان لە بڕیارەکەت ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی هەموو هاندەر و پاڵپشت بن. ئەگەر هەستت کرد پێویستت بە یارمەتیی زیاترە، دەتوانیت ڕاوێژ بە پزیشک یان پزیشکی پسپۆڕ بکەیت و ئامۆژگاری پێویستی لێ وەربگریت. هەروەها دەتوانیت ئەو بەرهەمانە بەکاربهێنیت کە بۆ یارمەتیدانی تەرککردنی جگەرەکێشان دروستکراون.

بەهیوای ڕەمەزانێکی خۆش و ژیانێکی دوور لە جگەرە