ئایا سوپی مریشک سوودی هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای سەرما یان هەڵامەت؟

هەرچەندە سوپی مریشک لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستراوەتەوە، بەڵام هیچ لێکۆڵینەوەیەک و بەڵگەیەکی زانستی نییە کە سوپی مریشک سوودی هەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای سەرما یان هەڵامەت.

بەڵام توێژینەوەیەکی گۆڤاری پزیشکی CHEST پێشنیاری کردووە کە سوپی مریشک ڕەنگە کاریگەری دژە هەوکردنی هەبێت، کە ئەگەری هەیە نیشانەکانی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدانی سەرەوە کەم بکاتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، توێژەران بە تایبەتی لێکۆڵینەوەیان لە جوڵەی نیوترۆفیلەکان کردووە کە جۆرێکە لە خڕۆکە سپییەکانی خوێن، کاتێک لەگەڵ سوپدا تێکەڵ دەکرێن. بۆیان دەرکەوت کە جوڵەی نیوترۆفیلەکان لە بوونی سوپدا کەم دەبێتەوە، ئەمەش پێشنیاری میکانیزمێکی دژە هەوکردنی ئیحتیمالی دەکات کە لە ڕووی تیۆریەوە دەتوانێت نیشانەکانی پەتای سەرما کەمبکاتەوە.

بەڵام بۆچی سوپی مریشک؟

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی دیکە کە لە گۆڤاری ” CHEST Journal”دا بڵاوکراوەتەوە، بۆن و بەهارات و گەرمیی سوپی مریشک دەتوانێت یارمەتی پاککردنەوەی جیوبەکان بدات و نیشانەکانی تووشبوون لەو کەسانەدا باشتر بکات کە کێشەی هەناسەدانیان هەیە.

کریستن سمیس، پسپۆڕی تۆمارکراوی خۆراک و وتەبێژی ئەکادیمیای خۆراک و ڕێجیمی خۆراکی، ڕایگەیاندووە، سوپی مریشک دەتوانێت بژاردەیەکی خۆراکی دەوڵەمەند لە ماددە خۆراکیەکان پێشکەش بکات کاتێک کەسی نەخۆش ئەشتیهای خواردنی نیە. هەروەها دەتوانێت یارمەتی زیادکردنی تەڕبوونەوەی لەش بدات کاتێک وشکبوونەوەی لەش بۆ نەخۆشەکە بووە بە کێشە.

زۆربەی ڕەچەتەکانی سوپی مریشک پێکهاتەی تەندروست لەخۆدەگرن کە ڤیتامین و کانزای پێویست دابین دەکەن. بەگشتی ڕەنگە مریشک یارمەتیدەر بێت لە چاککردنەوەی شانەکانی جەستە.

لەکۆتاییدا,

پەتا باوەکانی سەرما پێویستی بە خەوی پێویست و تەڕبوونەوەی باشتری لەش هەیە، لەوانە خواردنەوە گەرمەکان و سوپکان. کەواتە، ئەگەر حەزت لە سوپی مریشکە، ئەوا نۆشی گیانت بێت.