سیی گەنمەشامی (Popcorn Lung) چییە؟
“سیی گەنمەشامی” ناوە باوەکەی نەخۆشییەکی دەگمەن بەڵام مەترسیداری کۆئەندامی هەناسەیە، کە لە رووی زانستییەوە بە “هەوکردنی توندی سیی بچووک” (Bronchiolitis Obliterans) دەناسرێت. ئەم نەخۆشییە هێرش دەکاتە سەر بچووکترین بۆرییەکانی هەناسە لەناو سییەکاندا و دەبێتە هۆی دروستبوونی برین و شوێنەواری هەمیشەیی ، کە ووردە ووردە ڕێڕەوی هەوا دادەخات.
ئەم ناوە لە چییەوە هاتووە؟ سەرەتا لەناو ئەو کرێکارانەدا دۆزرایەوە کە لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی گەنمەشامیدا (پۆپکۆڕن) کاریان دەکرد و ماددەیەکی کیمیاییان بەناوی “دیایەتیل” (Diacetyl) هەڵدەمژی، کە بۆ تامی کەرە بەکاردەهات.
بەڵام ناونانەکە تەنیا پەیوەندی بە کارگەکانەوە نییە، بەڵکو شێوازی تێکچوونی سییەکانیش وەک گەنمەشامیی تەقیوی لێدێت! کاتێک بۆرییە بچووکەکانی هەناسە تووشی برین و تەسکبوونەوە دەبن، شێوازی سروشتیی خۆیان لەدەست دەدەن و ڕەق دەبن. لە شوبهاندنێکی سادەدا، ئەم بۆرییانە دەبنە خاوەن شێوەیەکی ناڕێک و ڕەق، ڕێک وەک دەنکە گەنمەشامییەکی تەقیو. ئەمەش وا دەکات سییەکان نەرمی و جیڕیی خۆیان لەدەست بدەن و نەتوانن وەک پێویست هەوا بگوازنەوە.
نەخۆشیی سیی گەنمەشامی چۆن گەشە دەکات؟
ئەم دۆخە کاتێک ڕوودەدات کە بۆرییە ناسکەکانی هەناسە تووشی هەوکردنێکی توند و بەردەوام دەبن. بە تێپەڕبوونی کات، ئەم هەوکردنە دەبێتە هۆی ڕەقبوون و تەسکبوونەوەی هەمیشەیی ڕێڕەوەکان، ئەمەش توانای هەناسەدان بەرەو کەمبوونەوەی بەردەوام دەبات.
نیشانە باوەکان بریتین لە:
- کۆکەیەکی درێژخایەن کە چاک نابێتەوە.
- تەنگەنەفەسی کە لەکاتی جووڵە و ماندووبووندا توندتر دەبێت.
- خیزە یان فیکەی سنگ لەکاتی هەناسەداندا.
- بێهێزیی گشتی و کەمبوونەوەی توانای ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانە.
مەترسیی سەرەکیی ئەم نەخۆشییە لەوەدایە کە زیانەکانی چاکنابنەوە . ئەو ڕەقبوون و ناوچە بریندارانەی لەناو سییەکاندا دروست دەبن، گۆڕانکاریی هەمیشەیین و چاک نابنەوە.
سەرچاوە و هۆکارە سەرەکییەکان:
- هەڵمژینی ماددە کیمیاییە پیشەسازییەکان وەک “دیایەتیل”.
- بەرکەوتنی بەردەوام بە دووکەڵ و غازی توند لە هەندێک شوێنی کاردا.
- بەکارهێنانی هەندێک جۆری جگەرەی ئەلیکترۆنی (ڤەیپ) کە ماددەی کیمیایی تامدارکەریان تێدایە و لەکاتی گەرمبوونیاندا دەگۆڕێن بۆ ماددەی زیانبەخش.
لە ساڵانی دواییدا، ئەم زاراوەیە دووبارە بووەوە بە جێی سەرنجی میدیاکان و پزیشکان، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی زۆری ڤەیپ لەناو گەنجاندا. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک تام یان شلەی ڤەیپ لەکاتی گەرمبووندا ماددەی کیمیایی وەک “دیایەتیل” یان هاوشێوەکانی بەرهەم دەهێنن کە دەبنە هۆی هەوکردنی توندی کۆئەندامی هەناسە. بەهۆی بەکارهێنانی بەردەوامەوە، ئەم هەوکردنە دەبێتە برینی هەمیشەیی لە سییەکاندا.
ئەوەی جێی نیگەرانییە، زۆربەی بەکارهێنەران ڕۆژانە و بەڕێژەیەکی زۆر ڤەیپ دەکەن، بەو پێیەی “تامی خۆشە” ئەو هەستەیان پێدەدەن کە گوایە بێزیانن! بەڵام لە ڕاستیدا، سییەکان لە قووڵاییدا بەرەوڕووی گەرمی و ماددەی کیمیایی کوشندە دەبنەوە بەبێ ئەوەی لە سەرەتادا هەستی پێبکەن. کاتێکیش نیشانەکانی وەک تەنگەنەفەسیی توند دەردەکەون، زۆرجار کار لە کار ترازاوە و سییەکان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
ئامۆژگاری بۆ ئەوانەی ڤەیپ بەکاردەهێنن:
سیی گەنمەشامی تەنیا ناوێکی دراماتیکی و ترسناک نییە؛ بەڵکو ڕاستییەکی پزیشکیی تاڵە. لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی کێشانی ئەلیکترۆنی لەناو گەنجاندا، هۆشیاری لێرەدا ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە.
گرنگترین ڕێنمایی پزیشکی: هەوڵبدە تا دەتوانیت لە ڤەیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی بەدووربیت. بە دروشمی بریقەداری “تامە بێوەی و سەلامەتەکان” هەڵمەخەڵەتێ و غافل مەبە لە بەرامبەر هەر کۆکە یان نیشانەیەکی بەردەوامی هەناسەدا. لە کاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکدا سەردانی پزیشک دوا مەخە، چونکە چاوەڕوانیکردن تا توندبوونی نیشانەکان، واتای ڕوودانی زیانێکی هەمیشەیی دەگەیەنێت کە ڕەنگە چارەسەری نەبێت. پاراستنی سییەکانت، بە بڕیارێکی سادەی ئەمڕۆت دەستپێدەکات…